Add parallel Print Page Options

دوو سەبەتە هەنجیر

24 پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل، یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل، یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون. یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا.

جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.»

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان. چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم. دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن. هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی. 10 شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»