Add parallel Print Page Options

پەیامێک سەبارەت بە میسر

46 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە نەتەوەکان:

بۆ میسر:

سەبارەت بە سوپاکەی نەخو فیرعەون، پاشای میسر، ئەوەی لەسەر ڕووباری فورات بوو لە کەرکەمیش، کە نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا لێیدا:

«سپەر و قەڵغان ئامادە بکەن،
    پێشکەون بۆ جەنگ!
ئەسپ زین بکەن،
    ئەی سوارەکان، سەربکەون!
بە کڵاوی ئاسنینەوە لە ئامادەباشیدا بن!
    ڕمەکان تیژ بکەن،
    زرێیەکان[a] بپۆشن!
چی دەبینم؟
    ئەوان تۆقیون،
بەرەو پاش دەکشێنەوە،
    پاڵەوانەکانیان بەزین.
بە پەلە هەڵاتن و
    ئاوڕیشیان نەدایەوە،
    لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئەوەی تیژڕەوە هەڵنایەت و
    پاڵەوان دەرباز نابێت.
لە باکوور لەلای ڕووباری فورات
    ساتمەیان کرد و کەوتن.

«ئەمە کێیە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات؟
میسرە وەک ڕووباری نیل هەڵدەستێتەوە،
    وەک ئەو ڕووبارانەی ئاوەکەیان شەپۆل دەدات.
دەڵێت: ”هەڵدەستم و زەوی دادەپۆشم،
    شار و دانیشتووانەکەی لەناو دەبم.“
ئەی ئەسپەکان، سەربکەون!
    ئەی گالیسکەکان، سەرەڕۆ بن!
با پاڵەوانان بەرەو پێش بچن،
    کوش و پووت قەڵغان بەدەستن،
    لوودییەکان تیرەکانیان لە کەوانەکانیان ڕادەکێشن.
10 بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژی یەزدانە[b]، پەروەردگاری سوپاسالار،
    ڕۆژی تۆڵەیە، تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی.
جا شمشێر دەخوات و تێر دەبێت،
    لە خوێنیان تێر دەخواتەوە،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، قوربانی سەربڕاو پێشکەش دەکات
    لە خاکی باکوور لەلای ڕووباری فورات.

11 «سەربکەوە بۆ گلعاد و هەتووان بهێنە،
    ئەی میسری کچە پاکیزە.
بەڵام بێهوودە داوودەرمان زۆر دەکەیت،
    چاکبوونەوەت نییە.
12 نەتەوەکان سووکایەتی تۆیان بیستووە،
    قیژەت دنیای پڕکردووە،
چونکە پاڵەوانێک ساتمە لە پاڵەوانێک دەکات،
    هەردووکیان پێکەوە دەکەون.»

13 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان بە یەرمیای پێغەمبەری ڕاگەیاند، لەبارەی هێرشکردنی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ سەر خاکی میسر:

14 «ئەمە لە میسر ڕابگەیەنن، لە شاری مگدۆل جاڕبدەن،
    هەروەها لە مەمفیس و تەحپەنحێس، بڵێن:
”وریابە و لە ئامادەباشیدا بە،
    چونکە شمشێر دەوروبەرت دەخوات.“
15 بۆچی توانادارەکانت بە زەویدا دران؟
    نەوەستان، چونکە یەزدان ئەوانی خست.
16 بەردەوام ساتمە دەکەن،
    بەسەر یەکتریدا دەکەون.
دەڵێن: ”هەستن با بگەڕێینەوە،
    بۆ ناو گەلەکەمان و خاکی لەدایکبوونمان،
    دوور لە شمشێری ستەمکاری.“
17 لەوێ هاواریان دەکرد:
    ”فیرعەونی پاشای میسر تەنها هاتوهەرای هەیە،
    دەرفەتی ئەو بەسەرچوو!“»

18 پاشا کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە
    دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
کەسێک دێت وەک تاڤۆرە لەنێو چیاکان،
    وەک کارمەلە لەلای دەریاوە دێت.
19 ئەی دانیشتووانی میسر،
    خۆتان کۆبکەنەوە بۆ ڕاپێچ،
چونکە مەمفیس وێران دەبێت،
    دەبێتە چۆڵەوانییەکی بێ ئاوەدانی.

20 «میسر مانگایەکی زێدە جوانە،
    بەڵام مێشومەگەز لە باکوورە بۆی دێت.
21 هەروەها سەربازە بەکرێگیراوەکانت لە ڕیزەکانی جەنگ،
    وەک جوانەگای قەڵەون،
چونکە ئەوانیش ڕوو وەردەگێڕن،
    تێکڕا هەڵدێن و ناوەستن،
چونکە ڕۆژی کارەسات گەیشتە سەریان،
    کاتی سزادانیان.
22 میسر وەک ماری هەڵاتوو فیشک دەدات،
    چونکە دوژمنەکانی بە سوپاوە دێنە پێش،
هەروەک داربڕەکان
    بە تەورەوە بۆی هاتن.
23 دارستانەکەی دەبڕنەوە،
    هەرچەندە زۆر چڕە،
چونکە لە کوللە زۆرترن،
    لە ژمارە نایەن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «دانیشتووانی میسر شەرمەزار دەبن،
    درایە دەست گەلی باکوور.»

25 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فەرمووی: «من خەریکم سزا دەسەپێنم، لەسەر ئامۆنی خودای تیب و فیرعەون، لەسەر میسر و خوداوەندەکان و پاشاکانی، هەروەها لەسەر ئەوانەش کە پشتیان بە فیرعەون بەستووە. 26 دەیاندەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت بیانکوژن، دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دەست خزمەتکارەکانی. پاش ئەمە میسر وەک ڕۆژانی پێشتری ئاوەدان دەبێتەوە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

27 «ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
    نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
    دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
28 ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
    چونکە من لەگەڵتدام.
هەرچەندە کۆتایی دەهێنم بە هەموو ئەو نەتەوانەی
    کە بۆ ناویان پەرتەوازەم کردیت،
    بەڵام تۆ بە تەواوی لەناو نابەم.
لە سزا ناتبوورم،
    بە دادپەروەری تەمبێت دەکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

Footnotes

  1. 46‏:4 زرێ: بەڕگێکی کانزاییە کە لە کاتی شەڕ دەپۆشرێت.‏
  2. 46‏:10 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏