Add parallel Print Page Options

شارەکانی پەناگا

20 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون، هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر.

«”با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت. ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش[a] دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە. ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت، هەتا مردنی سەرۆکی کاهین لەو سەردەمەدایە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»

جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا. هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە. ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.

Footnotes

  1. 20‏:5 ‏خوێنگر: خوێنخوا، نزیکترین پلەی کۆمەڵایەتی کە مافی هەیە داوای تۆڵەی خوێنی بکات. بڕوانە پێشەکی پەڕتووکی ڕائووس.‏