Add parallel Print Page Options

لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب،

بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:

بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستی بۆتان زیاد بێت.

تێکۆشان لە پێناوی ڕاستی ئینجیل

خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی[a] کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا. لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی[b] خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و خاوەن شکۆمانە.

سزای مامۆستا درۆزنەکان

بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە خۆتان دەیزانن، یەزدان کە گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی باوەڕیان نەهێنا لەناوی بردن. هەروەها ئەو فریشتانەی پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.

خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە شکۆداران[c] دەکەن. بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» 10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن. ئەوەی بە سروشتیش دەیزانن، وەک ئاژەڵی بەستەزمان، لەمانەدا تێکی دەدەن.

11 قوڕبەسەریان! چونکە ڕێگای قایینیان گرتووە، بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[d]، لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[e] لەناوچوون.

12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. 13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە هەتاهەتایە ڕەشایی تاریکییان بۆ هەڵگیراوە.

14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، 15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.

خۆتان بنیاد بنێن

17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.

20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.

ستایشی خودا

24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.

Footnotes

  1. 1‏:3 مەبەست لە پەیامی مەسیحە بۆ باوەڕ.‏
  2. 1‏:4 نیعمەت: بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  3. 1‏:8 مەبەستی لە فریشتەکانە.‏
  4. 1‏:11 بڕوانە سەرژمێری 31‏:16‏‏.‏
  5. 1‏:11 بڕوانە سەرژمێری 16‏:1‏-35.‏‏