Add parallel Print Page Options

مەرجەکانی چاودێر

ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا، ژیر و بەڕێز، میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، ناکۆکی نەکات، حەزی لە پارە نەبێت. خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و بکەوێتە سزای شەیتان. دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.

مەرجەکانی خزمەتکار

خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، بە ویژدانێکی پاک نهێنی باوەڕ بپارێزن. 10 با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار[a] خزمەت بکەن.

11 ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریابن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن.

12 با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش بەڕێوە ببەن، 13 چونکە ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن.

گەورەترین نهێنی

14 هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، 15 تاکو، ئەگەر دواکەوتم، بزانی لە ماڵی خودا خەڵک چۆن ڕەفتار بکەن، ئەوەی کڵێسای خودای زیندووە، کۆڵەکە و بناغەی ڕاستی. 16 بە دانپێدانانی گشتی، نهێنی لەخواترسی گەورەیە، ئەمەیە:

«ئەو لە جەستەدا دەرکەوت،
        لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا،
لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا،
        لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا،
لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا،
        لە شکۆمەندی بەرزکرایەوە.»

Footnotes

  1. 3‏:10 هەر باوەڕدارێکی بانگکراو بۆ خزمەت، بەڵام هەندێک تەرخانکراون بۆ بەرپرسیاریێتی تایبەت لە خزمەتدا.‏