Add parallel Print Page Options

بابەتی کۆیلە

هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با وا دابنێن گەورەکانیان شایانی ئەوپەڕی ڕێزن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە بران، بەڵکو زیاتر خزمەتیان بکەن، چونکە ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن.

جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.

خۆشەویستی پارە

ئەگەر یەکێک بە فێرکردنێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە، ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە، لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.

ڕاستە لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە. لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین. بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە زۆر ئارەزووی گەوج و زیانبەخش کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت. 10 لەبەر ئەوەی خۆشەویستی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک. هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.

تێکۆشانی باوەڕ

11 بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. 12 لە تێکۆشانی باوەڕدا باش تێبکۆشە، دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک باش دانت پێدا ناوە لەبەردەم شایەتی زۆردا. 13 ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، 14 کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، 15 ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، 16 تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

17 دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕاسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. 18 ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن، ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، 19 بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێک بەدەستدەهێنن کە ڕاستەقینەیە.

20 تیمۆساوس، سپاردەکە[a] بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، 21 کە هەندێک کردیانە پیشە و سەبارەت بە باوەڕ گومڕا بوون.

با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

Footnotes

  1. 6‏:20 مەبەستی لە ئینجیلی مەسیحە. بڕوانە دووەم تیمۆساوس 1‏:14‏‏