Add parallel Print Page Options

لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،

بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:

با نیعمەت[b] و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.

سوپاس بۆ باوەڕداران

هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین، بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی گەورەمان.

ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە، چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین. ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد، تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا. پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویستمان بەوە نییە شتێک بڵێین، چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و 10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، ئەوەی لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.

Footnotes

  1. 1‏:1 یۆنانی: سیلوانۆس‏.‏
  2. 1‏:1 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏