Add parallel Print Page Options

خۆکوشتنی شاول

31 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان.

شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.»

بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد. لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن.

کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون، بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە، لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێت‌شانەوە هەڵواسی.

11 کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن، لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێت‌شانەوە برد و هێنایانە یاڤێش، لەوێ سووتاندیان و 13 ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان. حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.