Add parallel Print Page Options

هەستانەوەی عیسا

15 ئەی خوشک و برایانم، دەمەوێ ئەو مزگێنییەتان بیربخەمەوە کە پێم ڕاگەیاندن، ئەوەی وەرتانگرت و هەتا ئێستا لەسەری چەسپاون. بەهۆی ئەم مزگێنییەوە ئێوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەستتان بەو پەیامەوە گرت کە پێم ڕاگەیاندن. ئەگینا بێ سوود باوەڕتان هێناوە.

ئەوەم پێدان کە یەکەمین و گرنگترینە و منیش وەرمگرتبوو: کە مەسیح لە پێناوی گوناهەکانمان مرد بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان[a]، ئەو نێژرا و لە ڕۆژی سێیەم هەستایەوە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان، ئینجا بۆ پەترۆس[b] و دوایی بۆ دوازدە قوتابییەکەی دەرکەوت. پاش ئەوە بە یەک جار بۆ زیاتر لە پێنج سەد لە خوشک و برایان دەرکەوت، زۆرینەیان هەتا ئێستا ماون، بەڵام هەندێکیان نوستوون[c]، دوای ئەوە بۆ یاقوب دەرکەوت، ئینجا بۆ هەموو نێردراوان، پاش هەمووان بۆ منیش دەرکەوت، من وەک منداڵێک بووم کە لە کاتی نائاسایی لەدایک ببووم.

لەڕاستیدا من بچووکترین نێردراوم و شایانی ئەوە نیم بە نێردراو ناوببردرێم، لەبەر ئەوەی من کڵێسای خودام چەوساندووەتەوە. 10 بەڵام بەهۆی نیعمەتی خوداوە من ئەوەم کە هەم، هەروەها نیعمەتی ئەو بۆ من بێ سوود نەبوو، بەڵکو من لە هەموو نێردراوانی دیکە ماندووتر بووم، بەڵام من نا، بەڵکو نیعمەتی خودا بوو کە لەگەڵمدایە. 11 ئیتر من بم یاخود ئەوان، ئاوا ڕادەگەیەنین و ئاواش باوەڕتان هێنا.

هەستانەوەی مردووان

12 بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟ 13 ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 14 ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت. 15 ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە. 16 ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 17 ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان. 18 کەواتە ئەوانەی کە باوەڕیان بە‏‏ مەسیح هەبوو و نوستوون[d]، لەناوچوون. 19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.

20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. 27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][e] بەڵام کاتێک دەفەرموێ [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،] ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. 28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.

29 ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30 بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ 31 ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە دەمرم، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 32 ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە:

[با بخۆین و بخۆینەوە،
    چونکە سبەی دەمرین.][f]

33 هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» 34 هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.

هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟

35 لەوانەیە یەکێک بڵێت: «مردووان چۆن هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە لەشێک دێن؟» 36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، لەوانەیە گەنمە یاخود هەر تۆوێکی دیکە. 38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. 39 هەموو جەستەیەک یەک شێوەی نییە، بەڵکو مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. 40 تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەویش هەیە، بەڵام شکۆیە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی زەویش شتێکی دیکە. 41 شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.

42 بەم جۆرەش هەستانەوەی مردووانیش: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. 43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. 44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.

ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. 45 ئاواش نووسراوە: [ئادەمی یەکەم بووە گیانێکی زیندوو.][g] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. 46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. 48 وەک ئەوەی لە خۆڵ بوو، ئەوانەش لە خۆڵن. ئەوەش لە ئاسمانەوەیە، ئاسمانییەکان بەم جۆرە دەبن. 49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.

50 ئەی خوشک و برایانم، ئەوەتان پێ دەڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. 51 ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، 52 لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، 53 چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. 54 کاتێک فەوتاو نەفەوتاوی دەپۆشێت و مردن نەمری دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی:

[مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.][h]
55 [ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟
    ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟][i]

56 جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. 57 بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.

58 کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو بن. جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.

Footnotes

  1. 15‏:3 مەبەست تەورات و پێغەمبەرانە.‏
  2. 15‏:5 یۆنانی: کێفاس‏.‏
  3. 15‏:6 لێرەدا نوستن بە واتای مردنی جەستەیی دێت.‏
  4. 15‏:18 بڕوانە 15‏:6‏.‏
  5. 15‏:27 زەبوورەکان 8‏:6.‏‏
  6. 15‏:32 ئیشایا 22‏:13.‏‏
  7. 15‏:45 پەیدابوون 2‏:7.‏‏
  8. 15‏:54 ئیشایا 25‏:8.‏‏
  9. 15‏:55 هۆشەع 13‏:14.‏‏